بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکڕیزیی گەلی کورد لەباربرا
کوردسات نیوز
٢ی شوباتی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ئێریک شوڤالیێ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ئۆلیڤییە دێکۆتینی کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، یەکێتی ھەموو ھەنگاوێکی بۆ ئەوە بوو بە یەک تیم لەگەڵ بەغداد و ھێزە سیاسییە عێراقییەکان گفتوگۆ بکەن و بە یەک وەرەقەی سیاسی کوردستانیی و نیشتمانیی بچنە گفتوگۆکانەوە و ھەر ئەواشیان کرد، بەڵام دواتر ئەو نییەتە تێکدرا و لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ئەو یەکڕیزییە لە باربرا.
وتیشی، دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای تەوافق و شەراکەتی ھاوبەش و نیشتمانیی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا پێکبھێنرێت، کە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و سەقامگیری سیاسی، نەک لێکترازان و ڕەوشی وڵات بەرەو داھاتوویەکی نادیار و ئاڵۆزتر ببات.
جەتیشیکردەوە، یەکێتی پەرۆشی پاراستنی ئەو کلتووری پێکەوەژیان و تەوافقییەیە کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی داناوە و بەردەوامیش دەبن بۆ پاراستنی ئەو پێکەوەژیانە.
ھەر لەو دیدارەدا مەترسی جموجۆڵەکانی داعش و ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان و ڕاوێژکارانی ھاوپەیمانان گفتوگۆی لەسەرکرا.