ژنە چالاکوانێکی بادینان بەبێ دادگاییکردن ١٦ مانگە دەستگیرکراوە
کوردسات نیوز
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی CPTی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بێریڤان ئەیوب چالاکوانێکی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی پارێزگای دھۆکە و لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠وە لە پارێزگای ھەولێر بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی دەستگیرکراوە وتائێستا بەبێ دادگاییکردن لە زینداندا ھێڵدراوەتەوە.
وتیشی، وەک ناڕەزایەتیەک بەرامبەر بە دواخستنی دادگاییکردنی و ھێشتنەوەی لە زینداندا تا ئێستا ئەو چالاکوانە شەش جار مانگرتنی لە خواردن و خواردنەوە ڕاگەیاندووە و لەناو زینداندا توشی نەخۆشی شەکرە بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بێریڤان تەمەنی ٣٦ ساڵە و خاوەنی پێنج منداڵە، لە دوای دەستگیرکردنی ھاوسەرەکەی لە بێریڤان جیابویەوە. ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی CPT ئاشکراشیکرد، دوای ساڵێک لە دەستگیرکردنی و لە چوار مانگی ڕابردوودا تەنیا چەند جارێک ڕێگە بە بێریڤان دراوە چاوی بە پارێزەرەکەی بکەوێت.
کامەران عوسمان دەشڵێت، دۆسیەی بێریڤان دۆسیەی ژنێکی چالاکوانی ناڕازی خەڵکی بادینانە و پێویستە گروپەکانی پارێزگاری لە مافی مرۆڤ لە ڕۆژی دادگاییکردنی ئامادەبن.