ڕەوەند مەلا مەحمود لە (٧ )ھەمین ساڵیادی شەھیدانی فەرماندە حسێن مەنسور و شێرکۆ فاتیح شوانی پەیامێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکە :
بۆ (٧) ھەمین ساڵیادی شەھیدانی فەرماندە، شێرکۆ فاتیح شوانی و حسێن مەنسور
جەماوەری کوردستان
کەسو کاری سەربەرزی شەھیدان
ئەمڕۆ یادی شەھیدبوونی دوو فەرماندەی ئازا و قارەمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال، دەکەینەوە، حەوت ساڵ لەمەو بەر لە رۆژێکی وادا، لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەرکوکییەکان بە تایبەتی دوو فەرماندەی داعش شکێن ومەرگ بەزێن لە مەیدانی بەرگری لە خەڵکی کوردستانیان لە دەستدا، کە بە خوێنی خۆیان داستانی نەمریان تۆمارکرد و گەیشتنە کاروانی نەمران.
ھاوکات پۆلێک پێشمەرگەی چاپک و ھاوسەنگەر لەگەڵ فەرماندەکانیان گیانی خۆیان بەختکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خوێندنگای کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە و فەرماندە و پێشمەرگەکانی سەرمەشقی گیانفیدای کوردستانن.
ھەردوو فەرماندەی تێکۆشەر وپێشمەرگەی دێرین، لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی لە شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ و لیوا حسێن مەنسوور رۆژی ٣١ ی ١ لە شەڕێکی دەستەو یەخە لە گەل تاقمی تیرۆریستان گیانیان بە خشی و شەھیدبوون.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەزاران شەھیدی بە خشیوە لە پێناو ئازادی و دیموکراسی وسەقامگیری گەلی کوردستان.
لە شەڕی تیرۆریستانی داعش ھێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی تۆمار کرد و سەلماندی کە ھێزێکی شەرعی و داکۆکیکاری خەڵکی کوردستانە بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە، و لە پێناو کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان قوربانی داوە وبەردەوام دەبێت لە مانەوە و بەرگریکردن لە دەستکەوتەکان.