فەرمانگەی میدیا و زانیاری ھەرێم ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو دەزگای گشتی کاروباری مین لە ھەرێم ٦٠١ ھەزار و ١٥١ مەتر دووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاککردووەتەوە، کە ٢١ کێڵگە و ٧ شەڕگە بووە، دوای پاککردنەوەشیان ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و دەتوانرێت بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پڕۆژەی ئابووری و وەبەرھێنان بەکاربھێندرێنەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لەو کێڵگانەدا ھەزار و ٨٩٤ مینی دژەکەسی و دژە تانک و زیاتر لە ٢٢ ھەزار و ٩١٨ پارچە تەقەمەنی پاشماوەی جەنگ ھەبووە.