ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی
کوردسات نیوز
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
راشیگەیاندوە، لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوەتەوە لەکاتێکدا لایەنی دیکە، دوور لە پرەنسیپی تەوافق کاندید پێشکەش دەکەن، یەکێتیش مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆک کۆمار بە ئیستیحقاقی کورد و یەکێتیی بزانێت، بۆیە داکۆکی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا ھاتووە، ئەو قسەوباسانەی دەوترا پارتی تەنھا کێشەی لەگەڵ کاندیدی یەکێتی ھەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆڕ بەو کاندیدە بکرایا پارتیش کاندیدەکەی دەکشاندەوە، دوربوون لە راستییەوە، دەریشکەوت ئەمە تەنھا بۆ چاوبەست بووە و ئامانجی سەرەکی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆمارە، دوور لە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە کوردستانییەکان بەتایبەتیش یەکێتیی.
راشیگەیاندوە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی بژاردەکانی بەردەم یەکێتی بۆ خاڵە گرنگەکانی بەرنامەی حکومەتی داھاتووی عێراق و پۆستی سەرۆک کۆمار تاوتوێ کرد و جەختیکردەوە لەم قۆناغەدا پێویستە داکۆکی تەواو لەم ئیستیحقاقەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێت و بپارێزرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بڕیاریدا پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە، کە دکتۆر بەرھەم ساڵحە، کۆبوونەوەکە جەختیشیکردەوە لەسەر یەکدەستی یەکێتی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی داھاتوو.
دەقی راگەیەندراوەکە...
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣/١/٢٠٢٢ لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی بەست. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی عێراق و ئیستیحقاقە دەستوورییەکانی گەلەکەمان لە پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق.
کۆبوونەوەکە ھەڵوەستەی جددی لەسەر ئەو پرسە کرد و پێی وابوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەکڕیزی گەلی کورد و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ھەنگاویناوە و رێککەوتنیان لەگەڵ ھەندیک لایەنی سیاسی واژۆ کردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیان کاندیدێکی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشکەشکردووە.
لەوبارەیەوە ھەڤاڵ بافڵ بەووردی رووناکی خستەسەر پێشھاتەکانی ئێستا و جەختیکردەوە کە مادەم لایەنی دیکە، دوور لە پرینسیپی تەوافق کاندیدی خۆیان پێشکەش دەکەن، یەکێتیش مافی خۆیەتی کە پۆستی سەرۆککۆمار بە ئیستیحقاقی کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بزانێت، بۆیە داکۆکی لە مافی خۆی دەکات و سازشی لەسەر ناکات.
ھەروەھا ئەو قسەوباسانەی کە دەگوترا پارتی دیموکراتی کوردستان تەنھا کێشەی لەگەڵ کاندیدی یەکێتی ھەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆر بەو کاندیدە بکرایا پارتیش کاندیدی خۆی دەکشاندەوە دووربوون لە راستییەوە، دەریشکەوت ئەمە تەنیا بۆ چاوبەستەکی بووە و ئامانجی سەرەکی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆککۆمارە، دوور لە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە کوردستانییەکان بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە چوارچێوەی رێککەوتنیان لەگەڵ ھەندێک لە لایەنەکانی تری عێراق.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەقووڵی بژاردەکانی بەردەم یەکێتی بۆ خاڵە گرنگەکانی بەرنامەی حکومەتی داھاتووی عێراق و پۆستی سەرۆککۆمار تاوتوێ کرد و جەختیکردەوە کە لەم قۆناغەدا پێویستە داکۆکی تەواو لەم ئیستیحقاقەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێت و بپارێزرێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بڕیاریدا کە پشتگیری تەواو بکات بۆ سەرخستنی کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە، کە ھەڤاڵ دکتۆر بەرھەم ئەحمەد ساڵح-ە.
ھەروەھا کۆبوونەوەکە جەختیکردەوە لەسەر یەکدەستی یەکێتی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی داھاتوو.