وەزارەتی پەروەردە پشووی تاکو ٣٠ی مانگ لە سەرجەم ناوەندەکان ڕاگەیاند
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
"ئالان حەمە سعید" وەزیری پەروەردەی ھەرێم ڕایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و خوێندکاران بەھۆی دابەزینی پلەکانی گەرمی بڕیاریاندا لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی تاکو ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ پشوو دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو ھەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوانەی وەرزی یەکەم کە ئەنجام نەدراون لە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ دەستپێدەکرێتەوە، بە مەرجێک بەیانیان لە سەعات ٩ و ٣٠ خولەکی بەیانی دەستپێبکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، خوێندنگەکانی سابیس و نێودەوڵەتی و بیانی کە پڕۆگرامی تایبەت بە خۆیان ھەیە دەتوانن تا وادەی ئاماژە پێکراو بە شێوازی خوێندنی ئۆنلاین بەردەوام بن.
ڕوونیشیکردووەتەوە، دوای ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوانەی کە ماون خوێندنی وەرزی دووەم دەستپێدەکات و ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەش بۆ قەرەبووکردنەوەی ماوەی لەدەستچوو، ساڵنامەی خوێندن ھەموار دەکاتەوە.