"لیوا قارەمان کەمال" جێگری سەرۆکایەتی ئەرکان بۆ ئۆپراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، پڕۆسەی یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و ساڵی ڕابردوو ٤ لیوای ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و دوو لیوای پشتیوانی یەکخراونەتەوە، بە درێژایی پڕۆسەکەش ١٨ لیوای ھێزی پێشمەرگە خراونەتە سەر وەزارەت و کراون بە لیوای ھاوبەش و چەک و پێداویستییە سەربازییەکانیشیان بۆ دابین کراوە.

ڕاشیگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە کار دەکرێت بۆ یەکخستنی دوو لیوای تر و ئێستا ھێزەکانی ٨٠ ناوی لیوایەکی ئامادە کردووە و دراوە بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی لەگەڵ لیوایەکی ھێزەکانی ٧٠ یەکبخرێن.

لیوا قارەمان کەمال جەختیشیکردەوە، پڕۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەمیان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکدەخرێنەوە و دەبنە لیوای سەر بە وەزارەت.