ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی ساڵی ڕابردووی خستەڕوو کە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراون لە تەواوی عێراق و ھەرێمی کوردستان، بە جۆرێک لە ساڵی ڕابردوودا ٤١٢ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە کە زۆرترینیان لە پارێزگاکانی بەغداد و ھەولێر بووە.

زۆرترین پێشێلکاریش ڕێگریکردن بووە لە ڕۆژنامەنووسان کە ٢٠٦ حاڵەت بووە، ٤٦ ڕۆژنامەنووسیش ڕووبەڕووی پەلاماردان و سوکایەتی پێکردن و ھەڕەشە بوونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین پێشێلکاری لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە کراوە کە بریتی بووە لە دەستبەسەرکردنی پەیامنێر و وێنەگر و ستافی میدیایی، لەگەڵ ڕێگریکردن لە ڕووماڵ و شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسان.