مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، سەرجەم ھەڵاتووەکانی گرتوخانەی غوێرانیان دەستگیرکردووەتەوە و بە ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش توانیویانە گەمارۆی گرتوخانەکە بدەن و یاخیبوونی چەکدارە زیندانیکراوەکان کۆنترۆڵ بکەن. 


کۆبانێ لەبارەی ھەوڵی ھەڵاتنی زیندانییەکان و ھێرشی شانە نووستووەکانیش وتی، سەرجەم شانە نوستووەکانی داعش بەشدار بوون لە پەلاماردانی گرتوخانەکە تاکو بتوانن چەکدارە زیندانیکراوەکان رزگار بکەن، بەڵام توانیان شکست بە ھەوڵەکە بھێنن.  


پێشتریش ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ٨٩ زیندانیکراوی ھەڵاتووی داعشیان دەستگیرکردووەتەوە و لە ئەنجامی شەڕی نێوان زیندانیکراوەکان خۆشیان حەوت زیندانیکراو کوژراون. 


بەپێی زانیارییەکانیش ھەلیکۆپتەرەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆردومانی ئەو خانووەیان کردووە کە شانە نووستووەکانی داعش لێیەوە پەلاماری ئاسایشی رۆژئاڤا و گرتوخانەی غوێرانیان داوە.