رێژەی بەفر بارین لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێن
کوردسات نیوز
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
بەشی پێشبینییەکان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم رایگەیاند، ماوەی شەپۆلی دووەمی بەفربارین بە ئاستی جیاجیا تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا، زۆرترین بڕی بەفر لە دەروازەی کێلێ بووە کە ٩٠ سانتیمەترە، لە ھەڵشۆ ٦٠ سانتیمەتر و لە سیدەکان ٥٠ و لە ناحیەی ھێرۆ ٤٠ و لە پیرمام ٤٢ و لە حاجی ئۆمەران و یاخسەمەر و دینارتە ٤٠ سانتیمەتر بەفرباریووە، ھەروەھا لە ناوچەکانی تری ھەرێم بەرێژەی جیاجیا بەفر باریووە و شەپۆلەکەش تا درەنگانی ئەمشە و بەردەوام دەبێت.
ھاوکات بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم رایگەیاندوە، رۆژی ھەینی ئاسمان ساماڵ و زۆر سارد دەبێت لە کاتەکانی بەیانی زوودا، لەگەڵ دروستبوونی شەختە و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر.