کۆمپانیای نەوتی باکوور: ھەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیھان بەردەوامە
کوردسات نیوز
١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
کۆمپانیای "بوتاش"ی تورکی لە رایگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی رابردوو بۆری ھێڵی نەوتی کەرکوک-جەیھان، کە نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکوک دەگەیەنێتە بەندەری جەیھانی تورکیا، لە نزیک پارێزگای "کاھرامان ماراش" لە باکووری کوردستان بە ھۆکارێکی نادیار تەقیووەتەوە و بەھۆیەوە ئاگر کەوتووەوە و گواستنەوەی نەوت لە بۆریەکە راگیراوە، راشیگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن و لێچوونی نەوتیان لە بۆریەکە راگرتووە.
لە بارەی رووداوەکەوە میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەکرد، بەھۆی ئەو ئاگرەی لە ئەنجامی تەقینەوەکە درووست بووە، رێگای ھاتوچۆی نێوان پارێزگای کاھرامان ماراش و عەنتاب بە رووی ھاتوچۆدا داخراوە.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور راگەیاند، ھەناردەی نەوت لە رێگەی ھێڵی نەوتی کەرکوک-جەیھانەوە درێژەی ھەیە و ھیچ گرفتێک لە بەردەم ھەناردەکردندا نییە، روونیشیکردەوە، کۆمپانیاکە رۆژانە ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رێگەیی بۆریەوە رەوانەی دەرەوەی عێراق دەکات.