راشد مودەڕس گورجی بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنە رایگەیاند، بەھۆی بەفربارین و کڕێوە رێگەکانی سنە-کامیاران، دیواندەرە-سەقز، بۆکان-سەقز و بانە-سەقز لەگەڵ رێگەی ٥٥٠ گوندی پارێزگاکە بەتەواوەتی داخراون.


ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانیان توانیویانە ھەزار و ٥٩ گەشتیار کە لە رێگەکاندا ماونەتەوە رزگار بکەن و لە ئێستاشدا سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەکانن.


ئەمیر جەعفەرزادە بەڕێوەبەری گشتی کۆمەڵەی مانگی سوری ورمێش رایگەیاند، رێگەی زۆربەی شار و گوندەکانی پارێزگاکە بەھۆی بەفرباینەوە داخراوە، ١٠٠ ئۆتۆمبێلێشیان رزگار کردووە کە لە رێگەکانی باشوری ورمێ گیریان خواردبووە، داواشی لە ھاوڵاتیان کرد لە کاتی زۆر پێویستدا نەبێت ھاتووچۆ نەکەن.


بەپێی ھەندێک لە راپۆرتەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی پاوە و جوانڕۆ لە پارێزگای سنە نزیکەی دوو مەتر بەفر باریوە.