جەمیل ڕەوانگەرد برای جەلیل رەوانگەرد بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا نەیانتوانیوە تەرمی براکەی و براژنەکەی لە یۆنانەوە بگەڕێننەوە بۆ خۆرھەڵاتی کوردستان، وتیشی، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیان لە سنە کردووە و پێیانڕاگەیەندراوە بۆ گەڕانەوەی تەرمەکانیان لانیکەم ٦٠ ھەزار دۆلاریان پێویستە.


ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی ھەژاری و کەمدەرامەتییەوە توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەیان نییە، بۆیە داوا لە حکومەتی ئێران و ھەر لایەنێک دەکەن کە دەتوانێت یارمەتیان بدات، ھاوکاریان بن لە گەڕاندنەوەی تەرمەکان.


شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەی رابردوو، ژن و مێردێکی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی جەلیل ڕەوانگەرد و سومەیە جامخانە لەکاتی ڕۆشتن بۆ ئەوروپا، لە روبارێکی نزیک دورگەی سیریسی یۆنان خنکان.