بەھۆی بەفربارین ئاستەنگی ھاتووچۆ لە خۆرھەڵاتی کوردستان دروستبووە
کوردسات نیوز
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆوە بارینی بەفرێکی زۆر و کڕێوە لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە و ورمێ دەستیپێکردووە و بەھۆیەوە ئاستەنگی ھاتووچۆ لە رێگەی نێوان گوند و شارەکان دروستبووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە رێگەی نێوان مھاباد و بۆکان زیاتر لە ٤٠ سانتیمەتر بەفر باریوە و لە زۆربەی شارەکانی سنە و ورمێش دەوامی خوێندنگاکان بۆ سبەینێ راگیراوە.
عەباس جەعفەری بەڕێوەبەری گشتی کۆنتڕۆڵکردنی قەیران لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، سەرجەم تیمەکانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و چەند کەسێکیشیان رزگارکردووە کە لە رێگەکاندا ماونەتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئێران، ئەو شەپۆلی بەفربارینە تا ئێوارەی رۆژی دوو شەممە بەردەوام دەبێت.



