لە پارێزگایەکی باکوری کوردستان پلەی گەرما بۆ ٢٢ پلەی ژێر سفر دابەزیووە
کوردسات نیوز
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی شاری قەرس لە باکوری کوردستان، نزمترین پلەی گەرما لەو ناوچەیە تۆمارکراوە کە گەیشتوەتە ٢٢ پلەی ژێر سفر، بەو ھۆیەشەوە شەختە و سەھۆڵبەندان دروستبووە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ناوچەکەش رایگەیاندوە، توندەبا لە باکور و باکوری خۆرئاواوە بە ھێواشی ھەڵدەکات و ناو بە ناو بەھێز دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت بەھێزی ئەو توندەبایە بگاتە ٤٠ بۆ ٧٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، لە ھەندێک شوێنیش ببێتە گەردەلول.
ھەر بەپێی راگەیەنراوەکە لە ئاگری ١٩ پلە و لە ئەرزرۆم ١٧ پلە و لە دێرسم ١٠ پلەی ژێر سفری سەدی تۆمارکراون، ئاستی بەفربارینیش لە ھەندێک شوێن گەیشتۆتە ١٢٦ سانتیمەتر.



