یاداشتێک لە بارەی نرخ و کوالیەتی غاز ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێم دەکرێت
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە بارەی کێشە و کەمیی بەرھەمھێنان و گرانی نرخی نەوت و غاز کۆبوونەوە.
بە پێی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە بڕیاردراوە یاداشتێک لە بارەی چاودێریکردنی کوالیەتیی غاز و کەمکردنەوەی نرخ و دادپەروەری لە دابەشکردنیدا لە شارەکانی ھەرێم ئاڕاستەی حکومەت بکات، بۆ ئەوەی پشکی ھاووڵاتییان پارێزراو بێت و بە ڕێگەی بازرگانی نەفرۆشرێت.
ڕاشیگەیاندووە، دەبێت کارگەکان و کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی غاز پابەند بکرێن بە دروستکردنی کۆگا بۆ عەمبارکردنی غاز لە کۆگاکانیاندا بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست سوودی لێ وەربگیرێت، یاداشتێکیش لە بارەی چاودێریکردن و کەمکردنەوەی نرخی نەوتی سپیی ماڵان لە بەرژەوەندیی گشتیی ھاووڵاتییان، ئاڕاستەی حکومەت دەکات.