بە پێی نوسراوێک، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ماددەی ٤ی رێنماییەکانی تایبەت بە رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ھاوردەکردن و گواستنەوە و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی ھەمووار کردەوە و چەند بڕگەیەکیشی بۆ زیاد کرد، بە پێی رێنماییە نوێیەکە پێویستە لە ماوەی ٦٠ رۆژ لە ئیمزاکردنی گرێبەستی ئەلکترۆنی، گواستنەوەی خاوەندارێتی لە فرۆشیارەوە بۆ کڕیار ئەنجام بدرێت، ١٥ ھەزار دیناریش رسوماتی رێکخستنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی دەبێت، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتوچۆ و پێبژاردنی دواکەوتنی پەسەندکردنی گرێبەستەکەش بۆ ھەر رۆژێک ١٠ ھەزار دینارە.
ھەر بە پێی نوسراوەکە، پێویستە کۆمپانیاکانی ھاوردەکردن یان فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، لە ماوەی ١٢٠ رۆژ لە ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر ناوی کۆمپانیاکە تۆماریان بکەن، ئەگەر لەو ماوەیەدا نەفرۆشران، بە پێچەوانەوە لە کاتی  تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، رۆژانە ٣٠ ھەزار دینار بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێک لە کۆمپانیای ھاوردەکار یان فرۆشیار و پیشانگەی ئۆتۆمبێل وەردەگرێت.