ھۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، دوای دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بابەتی تریش ماوە و بە سەرکەوتنی کاندیدێکیان نابێت مەغرور بن، دەبێت ھاوکار بن و ئاگایان لە یەکتر بێت و پابەندبن. 


وتیشی، پێویستە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانیش ھەوڵ بدەن زیاتر لەیەک نزیک ببنەوە، چونکە ئەوە باشترە. سەبارەت بە ‌بوونی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ھۆشیار زێباری رایگەیاند، کاندیدیان نابێت و بۆ ئەو بابەتەش لەگەڵ لایەنەکان قسە دەکەن.


ھەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بە بڕیاری سەرکردایەتی، یەکێتی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەبێت و لە کاتی خۆیدا کاندیدەکەیان ئاشکرا دەکەن.