وەزارەتی کارەبا لەبارەی لێکردنەوەی پێوەری زیرەک رونکردنەوە دەدات
کوردسات نیوز
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
ماوەی چەند رۆژێکە بەھۆی کەمی پێدانی کارەبا و وەرگرتنی کرێی زۆری ئاو و کارەبا، ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی لێکردنەوەی پێوەری زیرەکی کارەبا و پێوەری ئاویان دەستپێکردووە، ئەوەش وەزارەتی کارەبای ھێنایە سەر خەت و لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و سەرکەوتووەکانی کەرتی کارەبای ھەرێم و رۆڵێکی گرنگی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا ھەیە.
راشیگەیاند، پێوەری زیرەک بەھۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، ناڕازی بوونی ئەو کەسانەی لێکەوتووەتەوە کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی بە سەرپێچی یاسایی کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی تر پێشێل دەکەن.
وەزارەتی کارەبا جەختدەکاتەوە، کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا ھیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، لە ئەگەری ھەر جۆرە زیان گەیاندنێکیش بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا سەرەتا زیان بە کارەبای ماڵەکەی خۆی دەگەیەنێت و رێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرنە بەر کە سەرپێچی دەکەن.