شکار مەردان ڕەحیم پارێزەر لە ناوەندی یاسایی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەیەکی یاساییدا موڵکداریەتی چوار ھەزار دۆنم زەوی زەوتکراوی کورد بۆ جوتیارانی کورد لە داقوق دەگەڕێندرێنەوە و زەویەکان لە ھاوردەکان وەردەگیرێنەوە.


وتیشی، وەک یەکێتیی ئەو کەیسانە لە بەغداد دەجوڵێنن بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ماف بۆ جوتیارانی کورد لە پارێزگای کەرکوک کە بەھۆی بڕیارەکانی تەعریبەوە ئەو زەوییانە داگیرکراون.


ئاشکراشیکرد، دوای جوڵاندنی کێشەی ١٧ ھەزار دۆنم زەوی جوتیارانی ناوچەکانی تاڵەبانی و کاکەیی لە سنوری قەزای داقوق لە پارێزگای کەرکوک، وەک قۆناغی دەستپێک موڵکداریەتی چوار ھەزار دۆنم زەوی بۆ جوتیارانی کورد دەگەڕێننەوە.


ئەو پارێزەری ناوەندی یاسایی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاشیگەیاند، ئەو جوتیارانەی زەوییەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە کەوتوونەتە سنوری ھەردوو گوندی عەتشانە و عوزێرییە لە قەزای داقوق کە زەوییەکان ئێستا لە ژێر دەستی عەرەبە ھاوردەکاندایە و بە پێی بڕیاری دادگای تێھەڵچوونەوەی عێراق موڵکداریەتی زەوییەکانی ئەو گوندانە بۆ جوتیارانی کورد دەگەڕێتەوە.