لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢١ ڕێژەی ھاتنی گەشتیار بۆ ھەرێم بە ڕێژەی ٥٢٥٪ زیادیکردووە
کوردسات نیوز
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ھەرێم ئامارێکی لە بارەی زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بەھۆی ئەو گرنگییەی بە کەرتی گەشتیاری دەدرێت، ساڵ بە ساڵ ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێم زیادیکردووە، جگە لە ساڵی ٢٠٢٠، کە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆربەی سنوورەکان لە جیھان داخرابوون.
بە پێی ئامارەکە ساڵی ٢٠١٥دا، ٧٨٢ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، ٢٠١٦ ملیۆنێک و ٦٠٠ ھەزار گەشتیار و ٢٠١٧ دوو ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار و ٢٠١٨ سێ ملیۆن و ٥٠ ھەزار گەشتیار و ٢٠١٩ سێ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گرتنبەری ڕێوشوێنەکانی تەندروستی و داخستنی سنورەکان، ڕێژەی ھاتنی گەشتیار کەمبووەتەوە بۆ ٨٤٦ ھەزار گەشتیار، دواتر لە ساڵی ٢٠٢١ جارێکی تر ڕێژەی ھاتنی گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٤ ملیۆن گەشتیار.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاشیگەیاندووە، لە ماوەی حەوت ساڵدا سەردانی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ٥٢٥٪ زیادیکردووە.