ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ساڵانە وڵاتانی ئەوروپا دژی کۆچی نایاسایی گۆڕانکاری لە یاساکانی کۆچدا دەکەن و گۆڕانکارییەکانیش لە دژی کۆچبەرانەو پێویستە ھاوڵاتیان ئاگادار بن و چیتر ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە و لە رێگەی نایاساییەوە کۆچ نەکەن.


لەبارەی دۆخی ئەو کۆچبەرانەی لە مانگەکانی رابردوو لە سنورەکانی بیلاروس و پۆڵەندا مانەوە و رێگری لە دەربازبوونیان کرا بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئاری جەلال وتی، "ئەو کۆچبەرانە زۆریان گەڕانەوەو ژمارەیەکی دیکەش ئێستا لەوێ ماونەتەوەو لە ناو کەمپەکانن و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بە پێدانی بڕێک غەرامەی بەسەر چوونی ڤیزاکانیان بگەڕێنەوە لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و ژمارەیەکی دیکەشیان ناوی خۆیان تۆمارکردووە بگەڕێنەوە".


باسی لەوەشکرد، ئەوەی پێشتر دەوترا لەبارەی ھەندێک وڵاتی ئەوروپی کە ئەو کۆچبەرانە دەگوازنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان دوورە لە راستییەوەو دەنگۆی ژمارەیەک قاچاخچی و بەناو چالاکوان بووە و لە پێناو ناوبانگی خۆیان ئەو دەنگۆیانەیان بڵاودەکرەوە، بەڵام دەبینین ھیچی راست نەبووە.