لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون لە بارەی کێشەی موڵکایەتی لە کەرکوک پێکدەھێنرێت
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
بە پێی نوسراوێک کە بە ژمارە ٢٥٩٩ لە ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە دەرچووە، وەزیری کشتوکاڵی عێراق فەرمانی بە فەرمانگەی زەویوزاری کشتوکاڵی کردووە لیژنەیەک پێکبھێنێت کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ڕاپۆرتێک بداتە ئەو وەزارەتە لە بارەی کێشەی گرێبەستی زەویوزارە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگای کەرکوک.
وەزیری کشتوکاڵی عێراق فەرمانیشی کردووە لیژنەکە لە سێ کەس پێکبێت کە بریتین لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری زەویوزاری کشتوکاڵی و بەڕێوەبەری گرێبەستەکان و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک کە ھیچیان کورد نین، لە کاتێکدا کێشەی موڵکایەتی لە کەرکوک پەیوەندی بە کورد و تورکمانەوە ھەیە.
ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی سیاسیەتی تەعریب زیاتر لە پێنج ھەزار گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ عەرەبە ھاوردەکان لە پارێزگای کەرکوک دروستکردووە و لە ڕێی ئەو گرێبەستانەوە ھەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی جوتیارانی کورد و تورکمانی داوەتە عەرەبە ھاوردەکان.