بە پێی ڕێنمایی دارایی ڕەوانەکردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ ھەرێم بەردەوام دەبێت
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
"شیروان میرزا" ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بە پێی ڕێنمایی دارایی کاتێک دەچینە ساڵی نوێ و بودجە پەسەند نەکراوە، کار بە بودجەی ساڵی پێشوو دەکرێت بە ڕێژەی ١ لەسەر ١٢ لە خەرجی بەکاربردن، ئەو ٢٠٠ ملیارەش کە عێراق ڕەوانەی ھەرێمی دەکات خەرجی بەکاربردنە، لەسەر ڕێنمایی دارایش ڕەوانەکردنی ئەو پارەیە تا بودجەی ٢٠٢٢ پەسەند دەکرێت بەردەوام دەبێت.
وتیشی، لە کاتی دانانی پڕۆژە یاسایی بودجەی ٢٠٢٢ دەبێت، حکومەتی ھەرێم جارێکی تر لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ بکات و ڕێککەوتنێکی نوێ ئیمزا بکات.
جەختی لەوەشکردەوە، تا ئێستا ھیچ لایەنێکی ڕەسمی لە حکومەتی عێراق باسی لە ڕاگرتنی ئەو بڕەپارەیە بۆ ھەرێمی کوردستان نەکردووە.