یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەکات بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن ، داواش لە ھێزە کوردستانییەکان دەکات بەیەک ھەلوێستی کوردستانییەوە کار بۆ بەدەستھێنانی مافە نەتەوەییەکان بکەن.

وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی کرد بۆ پەسەندکردنی دەرەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پێشوەخت و رایگەیاند وێڕای ھەرتێبینییەک لەسەر پرۆسەکە، پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردن و دەرەنجامی بەدەستھاتووی ھێزە براوەکان دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، کاتیەتی ھەموو لایەنەکان ھیمەتی سیاسیی دەست پێبکەن بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە پێکھاتەی نوێیەوە، قەوارە و ھێزە سیاسییەکانیش رێوشوێنە دەستورییەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ دەستپێبکەن، بۆ ئەو مەبەستەش بە گیانی پەرۆشی و دەربەستی نیشتمانییەوە گفتوگۆ و راوێژی پێویست بکەن، لە پێناو پارێزگاری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق، کە ئاستەنگی زۆری لە پێشە بۆ پاراستنی رەوتە دیموکراتییەکەی.

راشیگەیاند، وەکو ھێزەکانی کوردستان ئەرکی سەرشانمانە بەیەک ھەڵوێستی کوردستانییەوە  ریزەکانمان پتەو بکەین بەرەو بەدەستھێنانی مافە نەتەوەییەکان و داکۆکیکردن لە شایستە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە بەغداد، چونکە قۆناغی نوێ ئەرکی نوێ دەخاتە ئەستۆی ھەموومان و وەکو یەکێتیش ھەنگاوەکانی داھاتوومان دەخەینە خزمەتی ئەو ئەرکە.