ڕەنج مستەفا پشدەری، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری کۆچبەران لە یۆنان، بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ١٠٥ کۆچبەر کە زۆرینەیان خەڵکی ھەرێمی کوردستان و خۆرھەڵاتی کوردستانن و ژن و منداڵیشیان لە ناودایە، لە تورکیاوە بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕۆیشتوون، بەڵام دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە ئاوەکانی دەریای ئیجە، بەھۆی شەپۆلی دەریاوە یەختەکەیان خۆی بە شاخێکدا کێشاوە و بەھۆیەوە لە دوورگەیەکی یۆنان گیرساونەتەوە.


ڕاشیگەیاند، ھەشت کۆچبەری کورد گیانیان لە دەستداوە و کۆچبەرەکانی تریش کە ٩٧ کەسن، لە لایەن پۆلیسی دەریایی یۆنانەوە ڕزگارکراون و لە دوورگەکە گواستراونەتەوە و ئەگەر ھەیە دیپۆرتی تورکیا کرابنەوە.


ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە بەلەمێکی تری کۆچبەران بە نزیکەی ٧٠ کۆچبەرەوە لە دەریای ئینجە ژێرئاوکەوت و ژمارەیەکیان گیانیان لە دەستدا، چارەنووسی بەشێکیشیان نادیارە، کە زۆربەیان کوردن.