ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی قەزای پێنجوێن، بڵاویکردەوە، بە ھاوکاری تیمەکانی ئاوەدانکردنەوە و پۆلیسی ھاتوچۆ و بەشی پۆلیسی پێنجوێن، توانیان ڕێگەی پێنجوێن-سلێمانی بکەنەوە و ئێستا ھاتوچۆ لە ڕێگەی ملەکەوە ئاسایی بووەتەوە، کە بەھۆی بەفربارینەوە ئاستەنگی ھاتوچۆ تێیدا دروستبوو و بۆ ماوەی چەند سەعاتێک بۆ ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان داخرا.


ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە شەپۆلێکی بەفربارین بەشێک لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی گرتەوە و لە ڕێگەی ملەکەوە لە نزیک قەزای پێنجوێن ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر گیریانخوارد.


بە پێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستانیش، ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بەفربارین ھەیە، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە شەپۆلی بەفر و باران کۆتایی دێت.