بافڵ جەلال تاڵەبانی ژمارەیەک لە ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بەسەرکردەوە
کوردسات نیوز
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
بافڵ جەلال تاڵەبانی فەرماندەیی ھێزەکانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی، فەرماندەیی لیوای سێی بەرگری و فریاکەوتن و ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە دەستخۆشی لێکردن لە بەرامبەر راپەڕاندنی ئەرکەکانیان و رۆڵیان لە پاراستنی ئاسایش و ئارامیدا.
لە دەستپێکدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی کرد و لەلایەن لیوا ڕوکن عومەر ساڵح، فەرماندەی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و ژمارەیەک ئەفسەر و پلەدار پێشوازی لێکرا، لە کۆبوونەوەیەکدا وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ ھێزەکانیان کە ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و داواشی لێکردن وەک ھەمیشە ھاوکار و ھەماھەنگ بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارانی یاسا.
ھەر لە سلێمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لیوا ڕەمەزان دێکۆنی، فەرماندەی لیوای سێی بەرگری و فریاکەوتنی بەسەرکردەوە و ستایشی پێشمەرگە قارەمانەکانی لیوای سێی بەرگری و فریاکەوتنی کرد کە لە جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش ئازایانە لە سەنگەرەکاندا دەجەنگان، ئەمڕۆش بە ھەمان شێوە لە سنوورەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان ھاوشانی براکانی ترتان لە ھێزی پێشمەرگە لە ئەرکدان و ھەرێمەکەتان لە دەستی تیرۆر دەپارێزن.
لەلایەکی ترەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی لە فەرماندەیی بە ئامادەبوونی ھیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و موقەدەم سەرخێڵ، سەرپەرشتیاری ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەردانی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی کرد، لە نزیکەوە یەکە و بەشەکانی ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەسەرکردەوە و سوپاس و دەستخۆشی پێگەیاندن لە بەرامبەر شەونخونی، ماندووبوون و ڕۆڵیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی، پێی ڕاگەیاندن جێگای شانازین و چالاکی و خەمخۆریتان بۆ ھەرێمەکەتان سەلمێنەر و دەرخەری دڵسۆزیتانە بۆ خاک و گەلەکەتان.
ڕوونیشیکردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا دەستگیرکردنی دەیان تیرۆریست و شکستپێھێنانی چەندین پیلان بۆ تێکدانی ئارامی لەلایەن ھێزەکانی دەزگای ئاسایش ئەوەمان پێدەڵێت مەترسی تیرۆر ماوە و پێویستە بەئاگاتر بن و بە پلانی نوێ و ستراتیژی ئەمنی تۆکمەترەوە خۆتان ئامادە بکەن و شکست بە ھەر مەرامێک بھێنن کە ئارامی و ژیانی خەڵک تێکبدات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە میانی سەردان و کۆبوونەوەکاندا تەئکیدیکردەوە لە سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەری و ڕوونیکردەوە ھیچ کەسێک لەسەروو بڕیارەکانی دادگاوە نابێت و بە ھەموو ھێزمانەوە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبینەوە ژیان لە خەڵک تێکدەدەن و ئارامی دەشێوێنن، بۆیە نابێت چاوپۆشی لە پێشێلکارانی یاسا بکرێت.