گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی و قەدەغەی ھاتووچۆ و کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە ھندستان، کاری کردووەتە سەرکەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت، ئەمەش کاریگەری لەسەر ساغکردنەوەی نەوتی عێراق دروستکردووە کە ٢٥٪ی کۆی نەوتی ھندستان دابین دەکات.
عێراق ماوەی چوار ساڵە دابینکەری سەرەکی نەوتی ھندستانە و لە ئێستاشدا زەرەرمەندی یەکەمە لەو دۆخەی بەھۆی کۆرۆناوە ڕووی لە ھندستان کردووە.
شارەزایانی بواری بە بازاڕکردنی نەوتیش پێیانوایە عێراق بەدوای بازاڕی نوێدا بگەرێت بۆ ساغکردنەوەی نەوتەکەی بەو پێیەی دۆخی ھندستان و ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و ئەمەش لێکەوتەی تر لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە زیاد دەکات.
لەگەڵ کردنەوەی دەرگای بازاڕە جیھانییەکان بۆ مامەڵەی نەوت و پێکھاتەکانی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٦٦ دۆلار و ١١ سەنت فرۆشرا و نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٦٢ دۆلار و ١٤ سەنت مامەڵەی پێوە کرا، بەم پێیەش نرخی نەوت لە جیھاندا نزیکەی ٣٤ سەنت بەرز بووەتەوە.
چاودێرانی ئابووریش لەو بڕوایەدان ئەگەر ڕێکارەکانی بەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام بێت، لەمساڵدا نرخی ھەر بەمیلێکی نەوتی خاو نزیک دەبێتەوە لە ٨٠ دۆلار.