وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا چەند سزایەكی نوێی بەسەر چەند لایەن و كەسایەتییەكی ئێران سەپاند كە لە چەندین شوێن كاریان بۆ دەربازبوون لە سزاكانی ئەمریكا كردووە.

لە چوارچێوەی فشارە ئابورییەكانی سەر ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بە تۆمەتی هاوكاریكردنی ئێران بۆ دەربازبوون لە سزاكان و گواستنەوەی چەندین ملیار دۆلار، سزای نوێی بەسەر هەشت كەسایەتی و 22 لایەن و كۆمپانیادا سەپاند، كە لە ئێران و ئیمارات و توركیا و هەرێمی هۆنگ كۆنگی چینن.

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی كۆنترۆڵكردنی سامانە بیانییەكانی ئەمریكا، ئەو كەس و كۆمپانیایانە بەشێكن لە تۆڕێكی دارایی و ئاڵوگۆڕی دراو بە نهێنی بەناوی شادۆو بانكینگ، كە لەلایەن بانكی ناوەندیی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، چاودێریی نزیكەی 14.7 ملیار دۆلاری كردووە لە چالاكییە داراییە نهێنییەكانی ئەو تۆڕەدا كە بۆ دابینكردنی دراوی بیانی و فرۆشتنی نەوتی ئێران بەكارهاتوون.

بەپێی سزاكان، هەر جۆرە سامان و پشكێكی ئەو كۆماپنیایانە كە لە ئەمریكا بێت یان لەژێر دەسەڵاتی دامەزراوەكانی ئەمریكا، بێت بلۆك دەكرێت و رێگە بە هیچ هاووڵاتی و كۆمپانیایەكی ئەمریكاش نادرێت مامەڵەی دارایی و بازرگانیان لەگەڵدا بكات، ئەگەر هەر بازرگان و كۆمپانیایەكی وڵاتانی تریش مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن، ئەوانیش لەلایەن ئەمریكاوە سزا دەدرێن.