پارێزگاری دیالە داوای خەرجكردنی 450 ملیار دینار شایستەی دارایی لە حكومەتی عیراق دەكات و دەڵێت دەستوەردان دەكەن لە بڕیاری داخستنی دەروازەی سنوریی مەندەلی.

عەدنان شەمەری پارێزگاری دیالە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، حكومەتی عیراق لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025ەوە شایستە داراییەكانی پارێزگاكەی خەرج نەكردووە، بە جۆرێك كۆی گشتیی پشكی دیالە لە داهاتی دەروازە سنورییەكان و پرۆژەكانی گەشەپێدانی هەرێمەكان، گەیشتووەتە نزیكەی 450 ملیار دینار.

وتیشی، پشكی پارێزگای دیالە 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكانە و دەستبەرداری ئەو مافەش نابن، چونكە بەبێ ئەو بودجەیە ناتوانن پرۆژە خزمەتگوزارییەكان جێبەجێ بكەن.

لەبارەی بڕیاری داخستنی دەروازەی سنوریی مەندەلیش، وتی، بڕیارە رۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆببنەوە بۆئەوەی هۆكاری داخستنەكە بزانن.

ئەو هەڵوێستەی ئیدارەی پارێزگای دیالە لە كاتێكدایە پێشتر دەستەی دەروازە سنورییەكانی عیراق بڕیاریدا دەروازەی مەندەلی بە كاتیی دابخات بە مەبەستی نۆژەنكردنەوە و چاكسازیی تەكنیكی بەر لە هاتنی وەرزی بارانبارین، لە هەمان كاتدا دەستپێكردنەوەی هاتوچۆی لە دەروازەی سنوریی شەیب راگەیاند دوای تەواوبوونی چاكسازییەكان.