بانکی ناوەندی: لە سبەینێوە پشکی دۆلاری گەشتیاران بۆ سێ هەزار دۆلار بەرزدەکرێتەوە
محەمەد رزگار
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
بانکی ناوەندیی عیراق بڕیاریداپشکی دۆلاری گەشتیاران لە دوو هەزارەوە بۆ سێ هەزار دۆلار بەرز بکاتەوە، هاوکات دیاریکردووە کە دوو مانگ جارێک گەشتیار دەتوانێت لە رێگە رەسمییەکانەوە ئەم پشکە وەربگرێت.
بانکی ناوەندیی عیراق، ئەمڕۆ ئاشکرایکرد، لە سبەینێ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026وە، پشکی دۆلاری کاشیی گەشتیاران لە دوو هەزار دۆلارەوە بۆ سێ هەزار دۆلار بەرز دەکرێتەوە، بەجۆرێکیش لە ساڵێکدا بەپێی رێکار و مەرجە پەسەندکراوەکان زۆرترین رێگەپێدان شەش جار دەبێت.
نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەپێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە دراوی بیانی لە کاتی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، بانکی ناوەندی بڕیاریدا پشکی گەشتیاران بۆ سێ هەزار دۆلاری ئەمریکی بەرز بکاتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پێدانی ئەم پشکە دوو مانگ جارێک دەبێت، واتە زۆرترین رێگەپێدان شەش جارە لە ساڵێکدا بەپێی رێنماییە پەسەندکراوەکان.
بانکی ناوەندی ئاشکراشیکرد، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی رەخساندنی ئاسانکاریی زیاترە بۆ گەشتیاران تا بتوانن لە رێگە رەسمییەکانەوە دراوی بیانی بۆ داپۆشینی خەرجییەکانیان دەستبکەوێت.


