لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئامادەكارییەكانی بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو كردووە و پرسی كورتهێنانی بودجە گەورەترین ئاڵەنگاریی بەردەمیانە.

ئیخڵاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئامادەكارییان بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 كردووە و پێشبینی دەكەن كورتهێنان لە بودجەدا بگاتە 65 ترلیۆن دینار، بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەم كورتهێنانەش، لیژنەكە گۆڕانكاری لە نرخی دراو و ئەو چارەسەرانە تاوتوێ دەكات كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پێشكەش دەكرێن.

ئیخڵاس دلێمی راشیگەیاندووە، لە بودجەی ساڵی داهاتوودا موچەی موچەخۆران بە تەواوی مسۆگەر كراوە، بەتایبەت ئێستا كە قەبارەی هەناردەكردنی نەوت بەرزبووەتەوە و یەدەگی دراوی باش لە بانكی ناوەندیدا هەیە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە، لە 15ی مانگی داهاتوودا پرۆژەیاساكە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.