کۆمپانیای "سێر"، کە یەکەم براندی نیشتمانیی ئۆتۆمبێلی کارەباییە لە سعودیە، ئەمڕۆ دووشەممە یەکەم بەرهەمی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی خۆی لە جۆری "ئێکزۆبۆت" (EXOBOT) بەڕەسمی ڕاگەیاند.
بڕیارە ئۆتۆمبێلی "ئێکزۆبۆت" لە دوو فێس (سێدان و دەفع روباعی/SUV) بخرێتە بازاڕەوە، لە چوارچێوەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکانیدا کە لە حەوت مۆدێلی جیاواز پێکدێت و لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بەپێی قۆناغەکان دەخرێنە روو. ئەم مۆدێلانە جۆرەکانی قەبارە ناوەند و بچووک بە سیستەمی بزوێنەری جیاوازەوە لەخۆدەگرن بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییە جیاوازەکانی کڕیاران.
بەرهەمهێنانی ئەم ئۆتۆمبێلە نوێیە لەلایەن کۆمپانیای "سێر"ەوە، بە هاوبەشیی ستراتیژییە لە نێوان صندوقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودیە (PIF) و کۆمپانیای "فۆکسکۆن"، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کۆمپانیای "بی ئێم دەبلیو".
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمیی سعودیە (واس)، راگەیاندنی "ئێکزۆبۆت" رەنگدانەوەی ئاڕاستەی ستراتیژیی شانشینەکەیە بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازیی پێشکەوتوو لەگەڵ ئامانجەکانی "روئیای سعودیە 2030"، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پێگەی وڵاتەکەیە لەسەر نەخشەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی جیهانی.
دیزاین و ئەندازیاریی ئۆتۆمبێلی "ئێکزۆبۆت" لە ناوخۆی سعودیە و لەسەر بنەمای بەرزترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە؛ دیزاینەکەی ئیلهامی لە سروشت، فەرهەنگ و روئیای ئایندەی سعودیە وەرگرتووە، کە ئەمەش پێگەی وڵاتەکە وەک هێزێکی ناوچەیی هەڵکەوتوو لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا قووڵتر دەکاتەوە.
پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2034، کۆمپانیای "سێر" زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار (30 ملیار ریاڵی سعودی) بەشداری لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)دا بکات، هاوکات تەرازوی بازرگانی بە بڕی نزیکەی 21 ملیار دۆلار (80 ملیار ریاڵ) باشتر بکات و هەلی کاری نایابی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ ناوخۆی وڵات دابین بکات.