بانکی ناوەندی عیراق، دابەشکردنی دۆلار بۆ گەشتیاران و سنوردای دەکات  بۆ دوو جار لە یەک ساڵدا، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئێستادا ساڵانە 12 جار گەشتیار دەتوانێت سودمەند بێت لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی رەسمی.

میدیاکانی عیراق بڵاویانکردوەتەوە، بانکی ناوەندیی عیراق ئاراستەیەکی نوێی گرتووەتە بەر بۆ پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی رێنماییەکانی پێدانی دراوی بیانی بە گەشتیاران.

بەگوێرەی زانیارییەکان،  بڕیارە وەرگرتنی پشکی دۆلار بە نرخی رەسمی سنووردار بکرێت بۆ تەنها دوو جار لە ساڵێکدا بۆ هەر هاووڵاتییەک، لە شوێنی سیستەمی ئێستا کە رێگە دەدات مانگانە واتە 12 جار لە ساڵێکدا ئەو پشکە وەربگیرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە،  بانکی ناوەندی خەریکی تاوتوێکردنی سەپاندنی رێکار و کۆنتڕۆڵی نوێیە بۆ رێکخستنی پرۆسەی دابەشکردن و دابینکردنی دۆلاری کاش لە دەروازە و فڕۆکەخانەکاندا.

ئامانج لەم هەنگاوە وەک رێگرییەک دەبینرێت لە هەوڵەکانی قۆستنەوە و یاریپێکردن بە دراوی بیانی، هەروەها بۆ بەستنی ئەو کەلەبەرانەی کە تۆڕەشآراوەکان  کەڵکی لێ وەردەگرن بۆ دەستکەوتنی دۆلار بە نرخی رەسمی و دواتر فرۆشتنەوەی لە بازاڕدا.