لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە ئەمنییەکان لە گەروی هورمز، نرخی نەوت بە رێژەی زیاتر لە ٪3 بەرزبووەوە و یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 101 دۆلاری تێپەڕاند.

لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخەکانی نەوت بە رێژەی زیاتر لە ٪3 روویان لە بەرزبوونەوە کرد، ئەوەش بەهۆی هەڵکشانی گرژییە ئەمنییەکان و دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە جوڵەی دەریایی لە گەروی هورمزدا کە رێڕەوێکی ستراتیژیی جیهانییە بۆ گواستنەوەی وزە.

لە تێپەڕاندنێکی بەرچاویشدا، نرخی نەوتی خاوی برێنت 101 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاند و بەرزترین ئاستی تۆمارکرد، هاوکات نرخی بەرمیڵیک خاوی تەکساسی ئەمریکیش بەرزبووەوە و 96 دۆلاری تێپەراند.

ئەم بەرزبوونەوە خێرایەی نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی مەترسییەکان لە پەککەوتنی ناردنی نەوتی خاو و خاوبوونەوەی جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە رێگەی ئەو گەروی هورمزەوە، کە نزیکەی پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت، ئەوەش تێچووی بارکردن و دڵنیایی بەرزکردووەتەوە و بازاڕەکانیشی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پێشهاتە مەیدانییەکان.