دەستەی نیشتمانیی رێکخستنی بازاڕەکان لە چین رایگەیاند کە هەشت کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێل داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ کشانەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان، ئەوەش بەهۆی بوونی مەترسیی هاوشێوە لەسەر سەلامەتیی سەرنشینان. پرۆسەی کشانەوەی بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان راستەوخۆ کەوتووەتە بوار لەجێبەجێکردنەوە و بەشێکی دیکەشیان لە نێوان رۆژانی شەممە و دووشەممەدا دەستیان پێکردووە.

لەو چوارچێوەیەدا، بڕیارە کۆمپانیای تێسلا لە 25ی ئەیلوولی داهاتووەوە 2.9 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروستکراوی ناوخۆ لە جۆرەکانی (Model 3) و (Model Y) بکشێنێتەوە، جیا لە کشانەوەی 46 هەزار ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو لە جۆرەکانی (Model 3)، (Model X) و (Model S).

دەستە چاودێرییەکە روونی کردووەتەوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەکشێندرێنەوە دەسکی فریاگوزاریی میکانیکیی ناوەوەیان تێدایە کە رەنگەکەی هاوشێوەی دیکۆری ناوەوەی ئۆتۆمبێلەکەیە، ئەوەش جیاکردنەوە و بەکارهێنانی لە بارودۆخی فریاگوزاریدا قورس دەکات و رەنگە رێگربێت لەوەی سەرنشینان لە کاتی روداوە سەختەکاندا بە خێرایی بێنە دەرەوە.

هاوکات، تێسلا بە جیا 2.7 ملیۆن ئۆتۆمبێلی دیکەی کارەبایی لە جۆرەکانی (Model 3) و (Model Y) بەهۆی کێشە لە سیستمی چاودێری لە کاتی بەکارهێنانی تایبەتمەندییەکانی یارمەتیدانی لێخوڕین دەکشێنێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، کۆمپانیا چینییەکانی وەک "شاومی"، "ئێکس پینگ"، "جیلی"، "چیری" و "لیپ موتۆر" ئۆتۆمبێلەکانیان بە هەمان هۆکار دەکشێننەوە. لەوانەش شاومی 390 هەزار ئۆتۆمبێلی "SU7"، ئێکس پینگ 265 هەزار، باێک بلوبارک 46 هەزار ئۆتۆمبێلی "Arcfox Kaola"، و جيلی 92 هەزار ئۆتۆمبێل لە براندی فۆرم گرانبەهای "Zeekr" دەکشێننەوە.

کۆمپانیاکان پێشنیاریان کردووە بەخۆڕایی ستیکەری ئاگادارکردنەوە لە نزیک دەسکەکان بدەن، هەروەک بەشێکیان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ نوێکردنەوەی سیستمی پرۆگرامسازی بە شێوەی ئۆنلاین تا لە کاتی روداوەکاندا پەنجەرەکان بە خۆکارانە بێنە خوارەوە. ئەم هەنگاوانەش لەگەڵ بڕیاری چین بۆ قەدەغەکردنی دەسکی شاراوەی دەرگای ئۆتۆمبێلەکان لە سەرەتای ساڵی 2027ەوە یەکدەگرێتەوە.