جووڵەی کەشتیوانی لە گەروی هورمز دادەبەزێت بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی هەفتەیەکدا
سەوسەن سەید
١٢ی ئابی ٢٠٢٦
جووڵەی کەشتیوانی لە رێگەی گەروی هورمزەوە بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی هەفتەیەکدا دابەزی، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵکشانی مەترسییە ئاسایشییەکان، کە بووەتە هۆی ئەوەی گەلێک لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە و خاوەن کەشتییەکان خۆیان لە بەکارهێنانی یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا بپارێزن، لە کاتێکدا مەترسییەکان لە بەردەوامیی تێکچوونی دابینکردنی وزەی جیهانی بەرەو زیادبوون دەچن.
داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان کە رۆژی سێشەممە بڵاوکراونەتەوە و ئاژانسی رویترز پشتی پێ بەستوون، دەریانخستووە کە ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە کاتی پەڕینەوەیان لە گەروی هورمز تۆمارکراون بۆ تەنها هەشت کەشتی کەمبووەتەوە، کە ئەوەش نزمترین ئاستی رۆژانەیە لە 5ی ئابەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی دوورکەوتنەوەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لە بەکارهێنانی ئەو رێڕەوە ستراتیژییە لە سۆنگەی نەبوونی هیچ ئاماژەیەک بۆ چارەسەربوونی نزیکی قەیرانەکە.
ئەم دابەزینە دوای ئەوە هات کە هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حووسییەکانی پشتبەستوو بە ئێران ڕایانگەەیاند کە هێرشی جیاوازیان کردووەتە سەر کەشتییەکان، لە کاتێکدا تاران جەختی کردەوە کە گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە مەگەر واشنتن وەڵامی مەرجەکانی بداتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەوەش باری نادیاری و نادڵنیایی لە بازاڕەکانی گواستنەوە و وزەدا زیاتر کردووە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر، ژمارەی ئەو کەشتییانەی رۆژی سێشەممە لە گەروی هورمزدا دەستنیشان کراون بۆ هەشت کەشتی دابەزیوە، لە کاتێکدا تێکڕای رۆژانەی ماوەی 10 رۆژی پێشتر نزیکەی 12 کەشتی بووە.
داتاکان دەریانخستووە کە تەنها یەک کەشتی، کە ناقیلەیەکی بەردەخەڵووز بووە، توانێویەتی لە گەروەکە بچێتە دەرەوە، لە کاتێکدا حەوت کەشتییەکەی تر هێشتا لە رێگەدا بوون بۆ تێپەڕین لە رێڕەوە ئاوییەکە و سەرجەمیان رێڕەوی نزیک لە کەناراوەکانی ئێرانیان هەڵبژاردووە.


