بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنی موچە لە عیراق، شەپۆلێكی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان چەندین پارێزگای گرتووەتەوە، لە كاتێكدا چوار وەزارەت، چەند دەستەیەك و سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق هێشتا موچەیان وەرنەگرتووە.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند: تا ئێستا وەزارەتەكانی (كارەبا، خوێندنی باڵا، سەرچاوە ئاوییەكان، كشتوكاڵ، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بە وەزارەتی داد) و سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق  موچەی مانگانەیان پێنەدراوە، ئەم دواكەوتنەش بووەتە هۆی ئەوەی لە زیاتر لە شەش پارێزگای عیراقدا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەڕێوەچێت.

سەبارەت بە كاتی دابەشكردنی موچەی ئەو شوێنانە، پەیامنێری كوردسات نیوز ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر هەیە تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو مووچەی سەرجەم ئەو وەزارەت و شوێنە مانەوانەش دابەش بكرێت.

لە لایەكی ترەوە، سەبارەت بە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، پەیامنێری كوردسات نیوز روونیكردەوە، ئەگەر بێت و تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دابەشكردنی موچە لە وەزارەتەكانی عیراق بە تەواوی كۆتایی پێبێت، ئەوا پێشبینی دەكرێت لە ناوەڕاست تا كۆتایی هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش بكرێت.

ئەمەش لەکاتێدایە، بڕیارە ئەمڕۆ سەعات یەک، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆببێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پرسی دابینکردنی موچەی موچەخۆران دەبێت.