پرۆژەی هەژماری من هۆشداری دەداتە فەرمانبەران و دەڵێت، دوایین مۆڵەت بۆ خۆتۆماركردن 31ی ئەم مانگەیە و بەپێچەوانەوە موچەكانیان رادەگیرێت.

پرۆژەی هەژماری من لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی بڕیارێكی حكومەتی عیراق هەر فەرمانبەرێكی حكومەتی هەرێم تا رۆژی 31ی ئەم مانگە، خۆی لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار نەكات و كارتە بانكییەكەی وەرنەگرێتەوە، موچەكەی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رادەگیرێت و نانێردرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، تائێستا 96%ی فەرمانبەرانی كەرتی گشتیی هەرێم لە هەژماری من تۆماركراون، بەجۆرێك لە هەولێر 99%ی فەرمانبەران، لە سلێمانی 94%، لە دهۆكیش 99%ی فەرمانبەران تۆماركراون و ئێستا زیاتر لە 950 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی كارتی بانكییەوە موچەكەی وەردەگرێت.

پرۆژەی هەژماری من دەشڵێت، بۆ خۆتۆماركردن لە پرۆژەكە و وەرگرتنی زانیاری، فەرمانبەران دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی 1991 سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەی هەژماری منەوە بكەن.