عیراق و تورکیا لەسەر هەناردەکردنی 750 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رێککەوتن
سەوسەن سەید
١ی ئابی ٢٠٢٦
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، رێککەوتنێکی سێقۆڵییان ئیمزاکردووە بۆ هەناردەکردنی 750 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە.
سەلیم روکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوت لە لێدوانێکدا رایگەیاند: شاندێکی باڵای عیراق بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کەرتی ئانۆژین و وەزیری نەوت، باسم محمد خزەیر، سەردانی تورکیای کردووە بە مەبەستی ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی کاتی بۆ ماوەی یەک ساڵ، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن لەگەڵ لایەنی تورکی کە پڕۆژەکانی کەرتی ئانۆژین دەگرێتەوە.
وتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنەکە ئامانجی بەردەوامییدانە بە هەناردەکردنی نەوتی خاوی عیراق لە رێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە، روونیشی کردەوە کە رێککەوتنەکە سێقۆڵییە و لە لایەنی عیراقییەوە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و کۆمپانیای نەوتی باکوور، لە لایەنی تورکیشەوە کۆمپانیای (بۆتاش)ی تێدا بەشدارن.
سەبارەت بە بڕی هەناردەکردنەکە، ناوبراو روونی کردەوە کە رێککەوتنەکە توانای هەناردەکردنی 750 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دیاری کردووە، جەختیشی کردەوە کە بەدیهێنانی ئەم بڕە بەستراوەتەوە بە باشتربوونی رەوشی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێم، جگه لە گوێستنەوەی نەوت لە باشورەوە بۆ باکور.
لە کۆتاییدا وتەبێژی وەزارەت ئاشکرای کرد کە ئەم رێککەوتنە دەستپێکێکە بۆ رێککەوتنێکی گشتگیرتر کە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردنە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوەش دوای تەواوبوونی پڕۆژەی هێڵی بۆریی (بەسرە – حەدیسە – کەرکووک – جیهان).


