ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری لە دابەزینی کۆگا ستراتیژییەکانی نەوت لە جیهاندا دەدات
سەوسەن سەید
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٦
فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری دا کە کۆگا بازرگانییەکانی نەوت لە جیهاندا بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسییەکانی سەر تەنگەی هورمز و باب ئەلمەندەب بەرەو دابەزینێکی بەرچاو دەچن.
بیرۆڵ جەختی کردەوە کە لە سایەی ئەم دۆخەدا هیچ بوارێک بۆ کەمتەرخەمی لە ئاسایشی دابینکردنی وزەدا نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، تاڕادەیەک هەوڵەکانی سعودیە و ئیمارات لە بەکارهێنانی رێگەی بەدیل، زۆربوونی هەناردەی وڵاتانی وەک ئەمریکا، و کەمبوونەوەی 50٪ی هاوردەی چین یارمەتیدەر بوون لە راگرتنی هاوسەنگیی بازاڕ.
بەڕێوەبەری ئاژانسەکە ئاشکراشی کرد کە وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسەکە تا ئێستا 290 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە کۆگا باری لەناکاوییەکان خستووەتە بازاڕەوە، جەختیشی کردەوە کە رێگری لە تێکچوونی زیاتری ئاسایشی وزە، بە کرانەوەی تەواو و بێمەرجی تەنگەی هورمز و کۆتاییهاتنی ململانێکان دەبێت.


