توندبوونی قەیرانی سووتەمەنی و كارەبا لە هەولێر و ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی لێكەوتوەتەوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، قەیرانی سووتەمەنی لە شاری هەولێر بە شێوەیەكی بەرچاو رووی لە زیادبوون كردووە، بە جۆرێك كە نرخی هەر سێ جۆرەكەی بەنزین بەرزبوونەوەی نوێیان بەخۆیانەوە بینیوە.

راشیگەیاند، سەرەڕای ئەم رەوشە سەختە، لایەنی پەیوەندیدار ئامادە نیە هیچ ڕوونكردنەوەیەك یان هۆكارێك لەبارەی ئەو بەرزبوونەوە كتوپڕەی نرخەكان ئاشكرا بكات.

وتیشی، ئەو گرانبوونە بارگرانییەكی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروستكردووە، بەتایبەت شۆفێرانی تاكسی كە بژێوی رۆژانەیان ڕاستەوخۆ بە نرخی سووتەمەنییەوە بەستراوەتەوە.

ئاماژە بەوەشكرد، هەردوو پاڵاوگەی كار و لاناز توانای تەواویان هەیە كە بەنزین بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان دابین بكەن، بەڵام تا ئێستا هۆكاری روون نییە بۆچی غاز و بەنزینی پێویست ناخەنە بازاڕەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخەكان.

هاوشانی قەیرانی سووتەمەنی، كەرتی وزەش ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە، بەجۆرێك سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە شێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، سەرەڕای ئەوەی خاوەن مۆلیدەكان نرخی ئەمپێری كارەبایان زۆر بەرزكردووەتەوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بۆشایی نەبوونی كارەبای نیشتمانی پڕ بكەنەوە.