ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا رووی لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو کرد، ئەمەش بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی کەنداو، کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ و پەککەوتنی جوڵەی بازرگانی و گواستنەوەی نەوت لە رێگەی گەروی ستراتیژیی هورمزەوە.

لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی خامی برێنت بە بڕی 1.05 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 85.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

هاوکات، خامی تێکساسی ئەمریکی بە بڕی 1.03 دۆلار رووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 79.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەمەش توانی سەرجەم ئەو زیانانە قەرەبوو بکاتەوە کە لە خولی پێشووی بازاڕدا پێی گەشتبوو.

بەپێی ئامارە داراییەکان، هەردوو جۆرە خامە سەرەکییەکەی جیهان لەم هەفتەیەدا بازدانێکی گەورەیان تۆمارکردووە و بە رێژەی نزیکەی 12.0% بەرزبوونەتەوە.

بەمەش خامی برێنت بەرەو تۆمارکردنی سێیەم هەفتەی لەسەریەک لە گەشەکردن هەنگاو دەنێت، لە کاتێکدا نەوتی خامی ئەمریکی بەرەو تۆمارکردنی دووەم بەرزبوونەوەی هەفتانە دەڕوات.