وەزاەرتی کارەبای حکومەتی هەرێم هۆشداری دەداتە هاوبەشانی پڕۆژەی روناکی و دەڵێت، "گەر لەدوای 50 رۆژ لە دەرچوونی پسولەکان پارە نەدەن، کارەباتان دەبڕدرێت"، لە هەمان کاتیشدا باس لە قەرزی کۆن دەکات و دەڵێت، "قەرزە کۆنەکان بدەنەوە ئەگینا بەهۆی ئەوەشەوە لە ماوەیەکی نزیکدا کارەباتان دەبڕین".
 
وەزارەتی کارەبای هەرێم لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان: ئەو هاوبەشانەی کە لە پڕۆژەی روناکی پارەی کارەبا نادەن لەماوەی 50 رۆژی دوای دەرچوونی پسوولەکانیان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەلایەن سیستمەوە دووچاری پچڕانی کارەبا دەبنەوە تا پارەی پێویستی سەرجەم پسوولەکانی کارەبا دەدەن. 
 
وەزارەتی کارەبا دەشڵێت: ئەم پڕۆسەیە بەشێک بووە لە رێنماییەکانی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی 2019 و ئێستا لەسەر هەموو هاوبەشانی پڕۆژەی روناکی جێبەجێدەکرێت، ئەم میکانیزمە دڵنیایی دەدات لە جێبەجێکردنی هەمان رێساکانی پارەدان بۆ هەموو هاوبەشانی کارەبا و هاریکاردەبێت لەبەردەوامی سێکتەری کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا لەماوەی درێژخایەندا.
 
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا ئاماژە بەوەکراوە: زۆربەی هاوبەشان لە کاتی خۆیدا پارەی پسوولەکانی کارەبا بە تەواوی دەدەن، بەڵام بەشێکی کەم لە هاوبەشان بەڕێژەیەکی بەرچاو کارەبا بەکاردێنن بەبێ ئەوەی پارەی پسوولەکانییان بدەن، ئەمەش نادادپەروەری دەخاتەگەڕ بەرانبەر ئەو هاوبەشانەی پارە دەدەن، هەروەها بارگرانی دەخاتەسەر وەزارەتی کارەبا و توانای کەم دەکاتەوە لە دابینکردنی کارەبای 24 سەعاتی، بۆیە پابەندبوون بە پارەدان گرنگە بۆ بەردەوامی و فراوانکردنی خزمەتگوزاری کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا: لەگەڵ دیاریکردنی ماوەی 50 رۆژ بۆ پارەدانی پسوولەکان، وەزارەت داوا لە هاوبەشان دەکات کە قەرزی پێش روناکی بدەنەوە، چونکە قەرزی پێش روناکی (کۆن) لە ماوەیەکی نزیکدا بە هەمان شێوە دەبێتە بەشێک لەو پارەیەی کە دەکرێت ببێتە هۆی پچڕانی ئۆتۆماتیکی کارەبا لەکاتی پارەنەدان.
 
لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: ماوەی 50 رۆژی پارەدان لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە پسوولەی کارەبای هاوبەش لە سەکۆی پارەدانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئی-پسوولە، دەردەکەوێت.