لێبوردنی گشتیی بۆ تۆمەتبارانی گەندەڵی ناڕەزایی عیراقییەکانی لێکەوتووەتەوە
کەژان
١٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
تێكەڵكردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی لە یاسای لێبوردنی گشتیدا، دەنگدانەوە و ناڕەزایەتییەكی زۆری لە رای گشتیی عیراقدا دروستكردووە.
لە بەرانبەر ئەم نیگەرانییانەدا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران روونكردنەوە دەدەن و دەیانەوێت سنوورێك بۆ ئەو تاوانانە دابنێن كە یاساكە دەیانگرێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت گەندەڵكاران لە سزا دەربازیان بێت، لە كاتێكدا ململانێی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیاریكردنی سنوری تاوانەكان هێشتا بەردەوامە.
ئەم مشتومڕە كە ئێستا لە عیراق گەرمە، دەرگای گفتوگۆیەكی توندی لەسەر سنوورە یاساییەكانی جێبەجێكردنی ئەو یاسایە كردووەتەوە، لەكاتێكدا هەوڵەكانی حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارەی دەوڵەت بەردەوامە، ئەمەش پرسیاری جدی لای رای گشتی دروستكردووە كە ئایا ئەو لێبوردنە چۆن لەگەڵ سزادانی تاوانبارانی دارایی وڵاتدا یەكدەگرێتەوە!!
لەبارەی ڕەهەندە یاساییەكانی ئەم بابەتەوە، سائر كەعبی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەر رۆژنامەی سەباحی نزیك لە حكومەتی راگەیاندووە، یاسای لێبوردنی گشتی پەیوەندی بە ناوبانگ یان پێگەی كەسەكانەوە نییە، بەڵكو بەندە بەوەی تا چەند مەرج و حوكمە یاساییەكانیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت.
هەر كەسێك مەرجەكانی یاساكەی تێدا بێت، وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
كەعبی جەختی لەوەشكردەوە، ئەمە بەو مانایە نییە كە چاوپۆشی لە تاوانەكانی دژ بە سامانی گشتی بكرێت، بەڵكو ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەك دەردەكات كە دەبێت بەبێ جیاكاری بەسەر هەموواندا جێبەجێ بكرێت.
وتیشی، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی رەسمی یان هەنگاوێكی كۆنكرێتی لەبەر دەستدا نییە كە بیسەلمێنێت فشاری سیاسی یان رێككەوتن هەیە بۆ گرتنەوەی تۆمەتبارانی گەندەڵی بەو لێبوردنە گشتییە.
لەلایەكی دیكەوە، ئەمیر دەعمی شارەزای یاسایی بە رۆژنامەكەی وتووە، دەستنیشانكردنی تۆمەتبارانی دزینی پارەی گشتی بە یاسای لێبوردنی گشتی، بەندە بە چەند هۆكارێكی یاسایی ئاڵۆز كە گرنگترینیان مێژووی ئەنجامدانی تاوانەكەیە.
یاسای لێبوردنی گشتی لە ساڵی 2016دەرچووە و دواتر هەمواركردنەوەی تێدا كراوە، لە كاتێكدا زۆربەی دۆسیەكانی گەندەڵی كە ئێستا باسیان لێوە دەكرێت، لە ساڵانی دوای ئەوەدا روویانداوە.
ئەمەش وادەكات، ئەوانەی یاساكە دەیانگرێتەوە، پێویستی بە وردبینییەكی یاسایی قورستر هەبێت بۆ هەر دۆسیەیەك بە جیا.
هەندێك یاسا ڕێكاری سووككردنی سزایان تێدایە لە حاڵەتێكدا ئەگەر تۆمەتبارەكە پارە دزراوەكان بگەڕێنێتەوە یان شوێنی پارە شاردراوەكان ئاشكرا بكات، بەڵام ئەمەش بە مانای لێخۆشبوونی ئۆتۆماتیكی هەموو تۆمەتباران نییە بە لێبوردنەكە، بەڵكو بڕیاری كۆتایی لای دادگایە.
ئەم ناكۆكییە یاسایی و سیاسییە لەكاتێكدایە كە حكومەتی عیراق لەسەر ئاستی جیاواز بەردەوامە لە راوەدوونانی گەندەڵكاران.
شارەزایان پێیانوایە دروستكردنی هاوسەنگی لەنێوان جێبەجێكردنی یاسا لێبوردەیی و رێگریكردن لە رزگاربوونی تاوانباران لە سزا، گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم دامەزراوەكانی دەوڵەت و دادگایە.


