بانکی ناوەندیی عیراق پشکی دۆلاری گەشتیاران کەم دەکاتەوە و رێنمایی نوێ دەردەکات
سەوسەن سەید
٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
بانکی ناوەندیی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، رێنمایی نوێی بۆ رێکخستنی پشکی دراوی بیانی بۆ گەشتیاران دەرکرد.
نووسینگەی راگەیاندنی بانکەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: رێنماییەکان بریتی بوون لە دیاریکردنی سەقفی پشکی نەختی بۆ هەر گەشتیارێکی تەمەن پێگەیشتوو بە بڕی 2000 دۆلاری ئەمریکی لە مانگێکدا لەبری 3000 دۆلار، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی فرۆشتنی دراوی بیانی، بەهێزکردنی کارایی دابەشکردنی سەرچاوەکان، و بە شێوازێک کە لەگەڵ باشترین پەیڕەوە بانکییە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەم رێوشوێنە لە چوارچێوەی پاکێجێکی چاکسازیی رێکخستندایە کە بانکی ناوەندی جێبەجێی دەکات، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی گەیشتنی دراوی بیانی بە دەستی هەموان، ئەمەش بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی سەقامگیریی بازاڕی نەختی و بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان.
بانکەکە جەختی کردووەتەوە : ئەم رێوشوێنانە تەنها رێکخستنین، لە چوارچێوەی پرۆسەی بەهێزکردنی تواناکانی بانکەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان بە کارایی و بەردەوامی، هەروەها بۆ هاوتەریببوون لەگەڵ پێشکەشە جیهانییەکانی سیستمی پارەداندا، ئەمەش لە رێگەی هاندانی بەکارهێنانی کارتەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی وەک ئامرازێکی سەرەکی و ئارام بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی گەشتکردن بۆ دەرەوەی عیراق.
بانکی ناوەندی باسی لەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە پێدانی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەکات، پرۆسەی گۆڕانکاری بەرەو ئابووریی دیجیتاڵی بەهێزتر دەکات، لەگەڵ پێوەرە بانکییە هاوچەرخە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت، بە شێوازێک کە پاڵپشتی لە متمانەی کەرتی بانکی بکات و خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ئابووریی وڵات بگەیەنێت.



