بەپێی راپۆرتێكی یەكەی توێژینەوەی وزە لە واشنتۆن، بۆ ساڵی 2025 عیراق لە پلەی دەیەمی وڵاتانی عەرەبیدا بووە لە بەرهەمهێنانی غازدا.

یەكەی توێژینەوەی وزە لە واشنتۆن راپۆرتی خۆی لەبارەی بەرهەمهێنانی غاز لە جیهاندا بۆ ساڵی 2025 بڵاوكردەوە و بەپێی راپۆرتەكە، عیراق بە بەرهەمهێنانی 10.9 ملیار مەترسێجا لە پلەی دەیەمی وڵاتانی عەرەبیدا بووە. 

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، عیراق لە ساڵی 2025دا 4.3٪ رێژەی بەرهەمهێنانی زیادی كردووە و لەدوای وڵاتانی بەحرەین و كوەیت و لیبیا دێت.

لە ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە 10 گەورەترین وڵاتانی عەرەبی گەیشتووەتە 614.4 ملیار مەترسێجا، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2024 شەش ملیار و 400 ملیۆن مەترسێجا زیادی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە 10 یەكەمی ریزبەندییەكەدا، چوار وڵات بەرهەمهێنانیان كەمبووەتەوە بەراورد بە ساڵی 2024.

لە ریزبەندییەكەدا، قەتەر بە بەرهەمهێنانی 183.5 ملیار مەترسێجا لە پلەی یەكەمدایە و سعودیەش بە بەرهەمهێنانی 133.8 ملیار مەترسێجا لە پلەی دووەمدایە، هاوكات، جەزائیر سەرەڕای ئەوەی بەرهەمهێنانی غازی بە رێژەی 1.9٪ كەمی كردووە، بەڵام لە پلەی سێیەمدایە.