ئۆپێك پڵەس بە نیازە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 188 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا زیادبكات
کەژان
٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئۆپێك پڵەس بەرەو زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 188 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا لە مانگی ئابدا هەنگاو دەنێت.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكانی هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس، ئاشكرایكرد، گروپەكە بە شێوەیەكی سەرەتایی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر بەرزكردنەوەی ئامانجەكانی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 188 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بۆ مانگی ئابی داهاتوو، ئەمەش پێش كۆبوونەوەی رەسمی هاوپەیمانییەكە كە بڕیارە درەنگانی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت.
وتیشی، رێككەوتنە سەرەتاییەكە لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوپەیمانییەكە بۆ بەڕێوەبردنی ئاستی خستنەڕوو لە بازاڕە جیهانییەكاندا، بڕیاردەدات بە زیادكردنی پشكی بەرهەمهێنان بە بڕی 188 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
دوو سەرچاوەی دیكەش بۆ ئاژانسەكە پشتڕاستیان كردووەتەوە، پێدەچێت ئەو زیادكردنە بە رەسمی لە كاتی كۆبوونەوەی ئۆپێك پڵەس پەسەند بكرێت.
ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە كە سیاسەتی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی ئۆپێك رووبەڕووی ناڕەزایەتی بەغداد بووەتەوە؛ بەو پێیەی وەزارەتی نەوتی عیراق هەڕەشەی كشانەوەی لە رێكخراوەكە كردووە ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنانی تەرخانكراو بۆ عیراق زیاد نەكرێت.


