سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردسات نیوزی راگەیاندووە، بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە بۆ خەرج کردنی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم بەبێ ئەوەی چاوەڕێی 120 ملیارەکە بکات.

فالح ساری وەزیری دارایی عیراق بە لێپرسراوێکی باڵای کوردی وتووە، هیچ کێشەیەک لەبەردەم خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا نییە و لەگەڵ موچەی دامودەزگاکانی حکومەتی فیدڕاڵ، موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش خەرج دەکەن.

محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی ئاشکراکرد، وەزیری دارایی عیراق بەو لێپرسراوە کوردەی راگەیاندووە، چاوەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکەن بۆ رادەستکردنی 120 ملیار دینارەکە، بەڵکو لای خۆیانەوە لێبڕینی بۆ دەکەن و باقی پارەی موچەی مانگی شەشی هەرێم رەوانە دەکرێت، بەڵام هێشتا خەریکی دابەشکردنی موچەی دامودەزگا و وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵن.

وەزیری دارایی حکومەتی فیدڕاڵ دڵنیایی داوەتە ئەو لێپرسراوە کوردە کە خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیوەستنەکراوە بە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەبارەی رێکەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی، بەڵکو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رێڕەوی خۆی گرتووە و لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی فیدڕاڵ خەرج دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی زانیوە، بڕیارە ئەمڕۆ تا سبەی وەزارەتی دارایی عیراق موچەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی حکومەتی فیدڕاڵیش خەرج بکات.